لە ڕابردوودا باسی گرنگترین ئەو سیفەتانەی (عبادالرحمن) مان كرد لەسیفەتەكانی گوفتار و ڕەفتارە بەرزەكانی، ئەو ئەخلاقە بەرز و جوانانە، هەروەها چۆنیەتی ژیان لەگەڵ خوا و بەجێهێنانی عه‌بوودییەت بۆی، هەروەها خۆڕازاندنەوە بە دەربڕینی ملكەچی ‌و نزا و پاڕانەوە، پاشان ڕۆیشتن لەسەر مەنهەجی میانڕەوی لە خەرجی ‌و لەهەموو شتەكاندا. خوای گەورە وەسفی عبادالرحمان دەكات بەكۆمەڵێك سیفات‌ و پاشان لەهەندێك سیفاتی خراپ بەدووریان دەگرێت، وەك دەفەرموێت: «وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ وَمَن يَفْعَلْ ذَلِكَ يَلْقَ أَثَامًا» (فوڕقان:٦٨) هەروەها دەفەرموێـت: «يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَانًا» (فوڕقان:٦٩)

ئایا ئەوانەی كەتوشی تاوانێك دەبن دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕاستە ڕێگە و جارێكی تر پەیوەندی بكەنەوە بە عبادالرحمن؟ خوای گەورە ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە و دەفەرموێت كەدەرگای تۆبەكردن بە بەردەوامی كراوەیە، تەوبەش لەسەر چەند مەرجێك بنیات نراوە، لەوانەش پەشیمان بوونەوە و نەگەڕانەوە بۆ تاوانەكە، بەڵام ئەمانە ڕێگەیەكی تریان هەیە لەم تۆبەكردنەدا، ئەویش ئەوەیە كە خوای گەورە دەیان خاتە ژێر سێبەری سۆز و بەزەیی خۆی لەكاتێكدا كە تۆبەكردنەكەیان بە تەواوەتی بێت.

 ئەو ئایەتانەی كەباس لە (عباد الرحمن) دەكەن، باس لەوە دەكەن كە نابێت تاوان بەرامبەر بە پێنج زەرووریاتەكە بكرێت، كە ئەوانیش مقاسیدی شەریعەتن كە بریتییە لە پاراستنی مرۆڤ لەڕووی ئایین ‌و عەقڵ ‌و نەفس‌ و نەوە و ماڵ. خوای گەورە لەو ئایەتەدا جەخت لەسەر پاراستنی سیان لەوانە كە نابێت هێرشیان بخرێتە سەر و دەبێت بپارێزرێت ‌و ئەمەش لەدەقی ئایەتەكەدا هاتووە: «وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ) (فوڕقان:٦٨)، ئەمەش مانای پاراستنی ئایینە لە دەست درێژی مانای پاراستنی مرۆڤ ‌و مافەكانیەتی. ئەمە لەلایەك پارێزگاری لە هێرشكردنە بۆ سەر گیانی مرۆڤ، لەلایەكی ترەوە هاندان بۆ باشكرنی بارودۆخی مرۆڤ لەڕووی تەندروستی وەك خواردن ‌و خواردنەوە ‌و گرنگیدان بە ژینگە و چارەسەری نەخۆشی كە ئەمەش مانای پارستنی مرۆڤ ‌و وەچەكانیەتی. پاشان دەفەرموێت: «وَلَا يَزْنُونَ» لە ڕووە سلبیەكەیەوە داری حەد هەیە بۆ زینا لە ڕوویەكی ترەوە هاندانە بۆ ژن هێنان ‌و خێزان دروستكردن ‌و پاراستنی كەرامەت ‌و شەڕەفی هاوڵاتیان، بەڵام دوو مەقاسیدەكەی تر ئایەتەكەی پێشو باسیان لەوە كردووە كە باس لە خەرجییەكی مام‌ناوەند دەكات: «وَالَّذِينَ إِذَا أَنفَقُوا لَمْ يُسْرِفُوا وَلَمْ يَقْتُرُوا وَكَانَ بَيْنَ ذَلِكَ قَوَامًا» (فوڕقان:٦٧).

ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە پاراستنی ماڵ و سامان لەسەر زەروورەتی چوارەمە، بەڵام مەسەلەی پاراستنی عەقڵ لەئەو ئایەتانە باسی دەكا، لەڕێگەی بیركرنەوەوە باس دەكرێت وەك دەفەرموێت: «وَالَّذِينَ يَقُولُونَ رَبَّنَا اصْرِفْ عَنَّا عَذَابَ جَهَنَّمَ إِنَّ عَذَابَهَا كَانَ غَرَامًا» (فوڕقان:٦٥)

ئەمەش ئەو پێنج زەروورەن كە مرۆڤ ‌و كۆمەڵگا لەسەری بنیات دەنرێت، كە پێویستە دەوڵەتیش پارێزگاری لێ بكات پاش ئەوەی خوای گەورە باس لە پاراستنی ئەو ڕەوشتە بەرزانە دەكات، پاشان باس لە كۆمەڵێك تاوان دەكات كە پێویستە موسوڵمان خۆی لێ بپارێزێت، ئەگەر بكەوێتە ناو ئەو تاوانەش ڕێگەی داناوە بۆ دەربازبوون لێیان: «إِلَّا مَنْ تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلًا صَالِحًا فَأُولَٰئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ ۗ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَحِيمًا» (فوڕقان:٧٠) 

ئەم ئایەتە چەند مەرجێك دادەنێت بۆ وەرگرتنی تۆبە:

مەرجی یەكەم: پێویستە بگەڕێیتەوە بۆلای خوای گەورە و بەتەواوی داببڕێیت لە تاوان‌ و سەرپێچییەكە (إِلَّا مَن تَابَ) لێرەدا قورئان كردارەكەی لەشێوەی ڕابردوودا بەكار دەهێنێت، ئەمەش مانای وایە كە تۆبەكە وەرگیراوە و جارێكی تر بیر ناكاتەوە لە ئایندەدا بگەڕێتەوە بۆ ئەو تاوانە.

مەرجی دووەم: بڕوا بوون بەخوا، چونكە ئیمانەكە وات لێ دەكا ڕێگەت لێ بگرێت بۆ گەڕانەوە بۆ تاوانەكە، هەموو ئەو تاوانانەی كە توشیان دەبین دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی ئیمان، لەبەر ئەوە باشترین ڕێگە لە ئەنجامدانی تاواندا بەهێزكردنی ئیمانە.

مەرجی سێیەم: «وَعَمِلَ عَمَلًا صَالِحًا» تەنها بوونی ئیمان بەس نییە، بەڵكو پێویستە كردەوەی چاكی لەگەڵدا بكەیت، كردەوەی چاكیش دوو جۆرە، ئەگەر ئەو تاوانەی دەیكەیت تەنها بەرامبەر بەخوا بێت، ئەوە تەنها بە تۆبە و پەشیمانبوونەوە خوای گەورە لێت خۆش دەبێت، بەڵام ئەگەر تاوانەكە بەرامبەر مافێكی خەڵك بوو، وەك ستەمكارییەك یان ماڵ‌خواردنێك یان غەیبەت بوو، ئەوە پێویستە ئەو مافانە بگەڕێنیتەوە بۆ خاوەنەكانیان ‌و گەردنی خۆتیان پێ ئازاد بكەیت، ئینجا داوای لێبوردن لە خوای گەورە بكەیت: «إِلاَّ الَّذِينَ تَابُواْ وَأَصْلَحُواْ وَبَيَّنُواْ فَأُوْلَئِكَ أَتُوبُ عَلَيْهِمْ وَأَنَا التَّوَّابُ الرَّحِيمُ» (به‌قه‌ڕه‌:١٦٠)، لێرەدا (اصلحوا) مانای وایە دەبێت ئەوە پاك بكەیتەوە كە خراپت كردووە.

تۆبەكردن كارێكی ئاسان نیە، تۆبەكردن پاداشتەكەی گران بەهایە كە ئەویش بەهەشتە، ئیبنی عەبباس دەربارەی ئەو ئایەتەی كە دەفەرموێت: «إِلَّا مَن تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلًا صَالِحًا فَأُوْلَئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَّحِيمًا» (فوڕقان:٧٠). واتە خوای گەورە پشتیوانی لەو كەسانە دەكات كە تۆبە دەكات كاری چاكە بكەن لە بەرامبەر ئەو خراپانەی كە كردوویانە، بەپێی ڕاڤەی ئیبنی عەبباس خوای گەورە تەوفیقیان دەدات بۆ عیبادەت كردن، چونكە پشتیوانی خوا بۆ عیبادەت كردن ئاسان نیە كاتێك تاوانەكان دەگۆڕێت بۆ چاكە كەت ۆ تۆبە بكەیت ‌و پەشیمان ببیتەوە لەو تاوانە و پاشان ئیڕادەی خێرت هەبێت بۆ كاری چاكە.

موسوڵمانانی بەڕێز بەهەشت نرخەكەی گرانە، دەبێت هەموومان ئەو ڕێبازە ڕاستە بگرین كە خوای گەورە بۆی دیاری كردووین، بەڵام لە لایەكی تریشەوە سۆز و بەزەیی خوای گەورە فراوانە: «قُلْ يَا عِبَادِيَ الَّذِينَ أَسْرَفُوا عَلَي أَنفُسِهِمْ لَا تَقْنَطُوا مِن رَّحْمَةِ اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يَغْفِرُ الذُّنُوبَ جَمِيعًا إِنَّهُ هُوَ الْغَفُورُ الرَّحِيمُ» (زومه‌ڕ:٥٣)

ئەگەر توشی تاوانیش بوین نابێت بێ‌هیوا بین، چونكە دەرگای تۆبە بە بەردەوامی كراوەیە و خوای گەورە زۆر بەسۆز و بەزەییە بەرامبەرمان، ئێمەش دەبێت كە گەڕاینەوە بە یەكجاری‌ و باش ‌و دڵپاكی ‌و بڕیاری یەكجاری بێت.

کتێبی ئیسلام و ژیان ، بەرگی دووەم